جێ ژوان
ئه‌و په‌نجه‌ی وا له بێ هێزی ده‌له‌رزێ
کوشیویهتی مه‌مکۆڵه‌ی باڵابهرزێ
ئه‌و ددانه‌ی ئێستێ نه‌ماوه تاقی
گه‌ستوویه‌تی زۆرجار چه‌نه‌گه‌ی ساقی
ئه‌و چاوانه‌ی سۆمایی لێ بڕاوه
هێند له جوانان داگیرا، داگیراوه
ئه‌و لێوه‌ی وا ئێستێ باری گرتووه
کوڵمه‌ی نه‌رم و نۆڵی یاری گرتووه
ئه‌و باهۆیه‌ی زه‌مانه لێی بڕی هێز
کام کیژ جوانه گرتوویه‌ته نێو ئامێز
ئه‌و دڵه‌ی وا ژوانی ده‌ویست و جوانی
ئێستا پڕه له خه‌م ، له نیگه‌رانی
ئه‌و پێیانه‌ی شهرهزهی کردوه کوتر و کوان
ماندوو نه‌بوو قه‌ت له هاتوچۆی جێ ژوان
هیمن
جۆلانه
چوومه لای دوکتۆر ، گوتی :
نه‌خۆشی ده‌رده‌که‌ت سه‌خته
گوتم: تۆ پێت وایه ده‌مرم؟
به‌داخه‌وه، گوتی: وه‌خته
.....
ئه‌و دڵه‌کوته‌ی گرتووته
پیاوی به‌هێزیش بیگرێ
بێتوو ئاگای له خۆی نه‌بێ
هێنده پێ ناچێ، ده‌مرێ
.....
پێکه‌نیم و گوتم دوکتۆر!
ناڵێم زانا و شاره‌زانی
به‌ڵام تۆ پزیشکی ویشکی
باری دڵداری نازانی
.....
دڵهکوتهم نییه، دڵم
جێی کێژێکی خانومانه
منداڵه، ئۆقره ناگرێ
بۆم دروست کردووه جۆلانه
هیمن
په‌رستاری ڕه‌شپۆش
پزیشکم شه‌رمه‌زار بۆوه که نه‌یتوانی بکا چاره‌م
ده‌بێ هیوام به مان چه‌ند بێ، که ڕه‌شپۆشه په‌رستارم
ده‌ڵێی چۆنی؟ چلۆنت تێگهیێنم ده‌رد و ئازارم
به ساغیش نه‌یتوانی هه‌ستی من ده‌رببڕێ گوفتارم
هێمن
جوان ناسووتێ
دیم کچێکی له‌باری لادێیی
بۆ نوێژ ڕاده‌خا به‌ره‌ڵبێنێ
گوتم : " ئه‌ی نازه‌نین که ڕوخسارت
هه‌موو باخی به‌هه‌شتی خوا دێنێ
بۆچی پێت وایه ئه‌و خودا گه‌وره
هێنده بێ ڕه‌حمه تۆش بسووتێنێ؟! "
ده‌ستی ته‌زیو
حه‌یفه ئه‌و ده‌سته که گوڵزاری ده‌نه‌خشاند، بشکێ
حه‌یفه ئه‌و ده‌سته که دڵداری ده‌گه‌وزاند، بشکێ
حه‌یفه ده‌ستێ که به له‌رزی و به ته‌زیوی دیسان
دوژمنی ملهوڕی زۆرداری ده‌له‌رزاند، بشکێ
1976
جوانی ڕه‌شپۆش
گوتی : ئه‌ی بولبوله سه‌رمه‌سته‌که بۆ خامۆشی ؟
گوتم : ئه‌ی نه‌و گوڵه خۆڕسکه‌که کوا دڵخۆشی ؟
گوتی : ئه‌ی شاعیره گه‌شبینه‌که بۆ ڕه‌شبینی ؟
گوتم : ئه‌ی ناسکه ته‌ڕپۆشه‌که بۆ ڕه‌شپۆشی؟
1974
تۆم هه‌ر له بیره
له شایی دا له وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕین دا
له خۆشی دا له کاتی پێکه‌نین دا
له کۆڕی ماته‌م و گریان و شین دا
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
به شه‌و تاکوو به سه‌رما زاڵ ده‌بێ خه‌و
به ڕۆژ تاکوو دووباره دێته‌وه شه‌و
له کاتێک دا که ده‌دوێنم ئه‌م و ئه‌و
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
زه‌مانێکی که ده‌چمه سه‌یری گوڵزار
له گه‌ڵ پۆلی ڕه‌فیقانی وه‌فادار
ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌سبازی له‌گه‌ڵ یار
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
له کوێستانێ ده‌می ڕاو و شکارێ
له مه‌زرایه که خۆم هه‌ڵکرد له کارێ
له جێ ژوانێ که ده‌گوشم مه‌مکی یارێ
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
ده‌که‌م ته‌رخان له ڕێی تۆ دا ژیانم
له سه‌نگه‌ر دا به‌ره‌و ڕووی دوژمنانم
به خاکی تۆ ده‌می ئاویلکه‌دانم
ئه‌من ئه‌ی نیشتمان تۆم هه‌ر له بیره
شیلاناوێ ـ 1944
هیمن
تووڕه‌یی
ساقیا! کوشتمی خه‌م و مه‌ینه‌ت
ده وه‌ره له‌و شه‌رابه مه‌ستم که
نامه‌وێ جام و ساغه‌ر و پیاڵه
به‌شی خۆم بۆ له لوێچی ده‌ستم که
.....
وه‌ره ئه‌ی نازه‌نین به‌خێرا خۆت
گێژ و وێژم بکه به باده و مه‌ی
با منی ڕه‌نجه‌ڕۆ له ژینمدا
هیچ نه‌بێ جارێکی بڵێم ئۆخه‌ی!
.....
حاسڵی تێگه‌یشتن و زانین
چ بوو بۆ من، جگه له کوێره‌وه‌ری ؟
سه‌رده‌مێکیش په‌نا ده‌به‌م بۆ مه‌ی
تا بزانم چلۆنه بێ خه‌به‌ری
.....
له‌و وڵاته که‌سێک له خه‌و ڕابێ
به‌شی چاره‌ڕه‌شی و خه‌م و شینه
تێگه‌یشتم عیلاجی ده‌ردی من
مه‌ستی و شێتی و نه‌زانینه
هیمن
ته‌پڵی ئه‌مان
قه‌ڵه‌م سه‌رکێشه، بیریش مووقهڵێشه
به‌ڵام یاڕه‌ببی ڕووی ڕه‌ش بێ زه‌مانه
دڵی ته‌نگه، له ده‌ستانی هه‌میشه
مهکۆگهی مه‌ینه‌ت و ده‌رد و خه‌مانه
هه‌موو تیری به‌ڵای ئه‌و ڕۆژگاره
ده‌کا بۆ سینگی پڕ زامم که‌مانه
برا و خزم و که‌سوکارم به جارێ
ئه‌وان لێم بوونه‌ته داسی ڕمانه
له ماڵی خۆم ده‌که‌م بۆنی غه‌ریبی
که بێزارم له هه‌رچێکی هه‌مانه
ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌ویست وه‌ک گیانی شیرن
ته‌ماشای بۆته مشته‌ی ناو هه‌مانه
له ڕاس من دێڵه‌ڕێوی ترسنۆکیش
وه‌ها ڕاسا ده‌ڵێی فیلی ده‌مانه
ئه‌وی دایم له‌ژێر خه‌ڵکا ژیاوه
له‌سه‌ر من پاڵه‌وان و قاره‌مانه
ده‌می خۆشم له ژینم دا نه‌دیوه
بخوازم تاکو خۆزگه‌م به‌و ده‌مانه
گه‌مه‌ی تۆیشم به‌لاوه سه‌هله خوێڕی!
گه‌لێکم پێکراون له‌و گه‌مانه
هه‌مه هیوا به دوا ڕۆژێکی ڕووناک
به‌شی ئینسانی بێ هیوا، نه‌مانه
به شیوه‌ن چاری کاری ئێمه نایه
خه‌بات، که‌ڵکی نییه مامهخهمانه
له‌به‌ر تۆ چاره‌نووسی شووم و به‌دفه‌ڕ
ئه‌وی قه‌ت لێی نه‌ده‌م ته‌پڵی ئه‌مانه
هیمن
ترۆپکی ڕزگاری
ڕێبوارێکم ئازا و به زیبک و زاکوون
ده‌بڕم چۆڵ و چیا و پێده‌شت و بێروون
به‌رهه‌ڵستم ده‌که‌م هه‌پرون به هه‌پروون
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
که‌ند و کۆسپ هه‌نگاوم پێ ناکا شل
بێته سه‌ر ڕێم هه‌زاران گابه‌ردی زل
به‌هێزی شان و باهۆ پێیان ده‌ده‌م تل
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
پێم گرته‌وه، ده‌رچووم له داره داره
ڕێم گرته‌وه، ڕێگای (قازی) و (ئاواره)
نامترسێنێ گولله، په‌تک، سێداره
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
به‌و خوێنانه‌ی له‌و ڕێبازه ڕژاوه
گوڵی ئاڵی سه‌ربه‌ستی کورد ڕواوه
منیش به دڵی پڕ له هیوا و بڕواوه
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
ڕۆڵه‌ی کوردم فێری هه‌وراز و لێژم
تا زوو بڕۆم زیاتر ئاره‌ق بڕێژم
کورت تر ده‌بێ ڕێگای دوور و درێژم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
ناڕهومهوه له داوه‌ڵ و تارمایی
زۆرم دیوه بوولێڵ و تاریکایی
دێنم به‌و شه‌وگاره ڕه‌شه دوایی
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
.....
من په‌رورده‌ی بن سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتم
گه‌لێک جاران له چاڵاوی ڕه‌ش که‌وتم
هاتمه ده‌رێ، هه‌دام نه‌دا ، نه‌سره‌وتم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ، ده‌ڕۆم تا ترۆپکی ڕزگار بوون
هیمن